شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: ئەی نەمامی تازە!
لەبارەی شیعر: قاقڵاوا، ١٣٣٣ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٠٠ و ١٠١ ی چاپی ئەنیسی و ٢٥١ ی چاپی جەعفەر)

وەرە ئەی نەمامی تازە، تۆ لە باغی کێ ڕواوی؟ 
کە ئەوەند شۆخ و شەنگی، لە چ کانی ئاودراوی؟ [١] 

دەم و چاو و بەژن و باڵا، هەموو ڕیک‌وپێک و مەوزوون
هەموو دڵ‌ڕفێن و شیرین، که له جوانییا تەواوی

له دڵی هەژاری عاشق هەر ئەتۆی و خۆشەویستی
چ بکا له پارچه گۆشتێ، که به زۆری تێی‌خزاوی

تۆ و ڕۆح و بیر و باوەڕ، تۆ و قەست و عیشق و ئامانج
چییه ئەم تەلەسمه ئازیز، له هەمووی که تێکە‌ڵاوی؟ 

شەو و ڕۆژ به یادی ڕووی تۆ، نه خەوم هەیه نه خۆراک
بەڵێ، دەستی قودەرتێ بوو که له عەیب و عار بڕاوی [٢] 

دڵی موبتەلایی 'کامیل' که ئەتۆی تێیا دیاری
چ جوان و ڕوون و خۆشه، تۆ چرای و هەڵکراوی

١. چاپی جەعفەر: کانێ
٢. چاپی ئەنیسی: قودرەتی